کارگەی "کارامەیی تاکەکەسی" بە ڕوانگەی قوڕئانی لە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ و بە وانەوتنەوەی مامۆستا ئیبڕاهیم فاڕووقی لە شاری تۆربەتی جام بەڕێوە چوو.
لەم کارگەیە، بابەتگەلێک سەبارەت بە ناسینی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ، کاریگەریی ئیمان لە پێکهاتنی کەسایەتی مرۆڤ و دەرەنجامەکانی دوورکەوتنەوە لە ڕێنماییەکانی خودایی، بە جەخت لەسەر فێرکارییەکانی قورئانی پیرۆز، تاوتوێ کران.
بەڕێز فاڕووقی لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە ڕوانگەی پەروەردەیی قوڕئانی، وتی: قوڕئانی پیرۆز بە ئامانجی چاکسازی و هۆشیارکردنەوە و ڕێنماییکردنی مرۆڤ، ئاماژەی بە هەندێک سیفەت و مەیلی ڕەفتاری کردووە تاکوو بەستێنی خۆناسین و خۆ گەشەپێدانی هۆشیارانە دابین بکرێت.
بە هێنانەوەی ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆز، ئاماژەی بە سیفەتەکانی وەک لاوازی بەرامبەر ئارەزووی نەفسانی، پەلەکردن، سپڵەیی، بێ‌هیوایی، ڕەزیلی، خۆبەزلزانین و موناقەشە کرد و وتی: ئەم تایبەتمەندییانە پیشاندەری عەیب و کەموکوڕی سروشتی و نەگۆڕ لە مرۆڤدا نین، بەڵکوو هۆشداری پەروەردەیین کە بانگهێشتی مرۆڤەکان دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ڕێگای ئیمان و عەقڵانییەت و پارێزکاری.
بە بڕوای ئەم ڕاهێنەرە، بەهێزکردنی ئیمان و سەبر و سوپاسگوزاری و متمانە بە خودا دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم زیانە ڕەفتاریانەدا و ڕێنمایی مرۆڤ بکات بۆ هاوسەنگی کەسایەتی و گەشەکردنی ڕۆحی و باشترکردنی ڕەفتاری تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی.
لە بەشێکی تری ئەم کارگەیە بەڕێز فاڕووقی بە ئاماژەدان بە فەرموودەیەکی پەروەردەیی، جەوهەری تاقیکردنەوەکانی خوایی لەسەر نیعمەتەکانی ڕوون کردەوە. لەم گێڕانەوەیەدا سێ ئیسڕائیلی کە هەریەکەیان جۆرێک لە کەموکوڕی جەستەیییان هەیە، دوای چێژوەرگرتن لە نیعمەتە تەندروستی و مادییەکان، تووشی تاقیکردنەوەیەکی خودایی دەبن. لە درێژەی گێڕانەوەکەدا تەنها ئەو کەسە ڕازی دەبێت کە نیعمەتەکانی خودا لەبەرچاو دەگرێت و بە سوپاسگوزاری کردەیی یارمەتی هەژاران دەدات.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پەیامەکانی ئەم فەرموودەیە، جەختی لەوە کردەوە: نیعمەت ئامرازێکە بۆ پێوانەکردنی ئیمانی مرۆڤ و سوپاسگوزاری ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە بە زمان بوترێت، بەڵکوو لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و خۆنەویستی و گرنگیدان بە کەسانی هەژار و نەدار و خاوەن‌پێداویستیدا مانا پەیا دەکا.
لە کۆتایی ئەم خولە پەروەردەییەدا جەخت لەسەر پێویستی گەڕانەوە بۆ فێرکارییەکانی قوڕئان لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ئیمان و بەدامەزراوەییکردنی ئەخلاقی ئیسلامی وەک ڕێگایەک بۆ بەدیهێنانی خۆباشکردن و گەشەکردنی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان کرایەوە. ئەم کارگەیە بە پێشوازیی بەشداربووان کۆتایی هات.